رێباز حەملان رایدەگەیەنێت، بە شانازییەوە، لە ژیانی سیاسی خۆمدا بۆ جاری دووەم لەسەر مافی میللەتەکەم بڕیاری چارەنوسسازم داوە.
رێباز حەملان، بریکارى دەستلەکارکێشاوەى وەزارەتى دارایى عێراق رایگەیاند، لە بەغداد کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندیی تایبەتى خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە.
دەشڵێت، لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدار و کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغداد کرد لە ئاستی زۆر باڵا، دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم کرد لە مافەکانی ھەرێم، راستییەکانم باسکرد کە حکومەتی ھەرێم پابەندبووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەموی جێبەجێ کردووە.
“ئەم ھەوڵانەم نیگەرانی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم، بۆ یهكهمجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق بهیاننامه له دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لە بەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لە قوت و مافی خەڵکی ھەرێم کرد و خەریکی بەرژەوەندیی شەخسی خۆم نەبووم، دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گهورهكرا و لهگهڵ خودى وهزیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە 24 بەرێوەبەری گشتی ئامادەبوون دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به شانازییهوه سەرسەختانە مرافەعەم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد”، رێباز حەملان وادەڵێت.
روونیشیکردەوە، لەمساڵدا لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکانی ھەرێم، هەروەها لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچە و بودجەی ھەرێم، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوادەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن.
بریکارى دەستلەکارکێشاوەى دارایى عێراق ئاماژەشدەدات، بۆ جاری دووەم بڕیارمدا و بە رەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغداد، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت و ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورە و میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد.
روونیشیکردەوە، لە کۆتایی مانگی یەک بەرێزان بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.
#ئێستا