ئابوریناسێك: عێراق لەبەردەم هەڕەشەیەكی داڕمانی ئابوری مەترسیدار دایە

ئابوریناس و مامۆستایەكی زانكۆ رایدەگەیەنێت، عێراق بەهۆی بەرزی رێژەی خەرجییە بەكاربەرەكانییەوە كە رێژەی %49ی بۆ دابینكردنی مووچە بووە، رووبەڕووی دۆخێكی ئابوری دەبێتەوە و دەشڵێت،” ئەگەر پلانی بۆ پێنج ساڵی داهاتوو نەبێت داڕمانی مەرسیدار رووبەڕووی دەبیتەوە”.

ئەندازیار مەنارعوبەیدی، ئابوریناس و مامۆستای زانكۆ لە راپۆرتێكی شیكاریدا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، دابەشكردنی خەرجییەكانی عێراق بۆ ساڵی 2024 تا كۆتایی تشرینی دووەم دەرخەری ئەوەن، كۆی بەهای خەرجییەكان زیاتر لە 113 ترلیۆن دیناری عێراقی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕێكی زۆر لە خەرجییەكانی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەران دابینكراوە بە رێژەی %49 كە بەرانبەرە بە 55.1 ترلیۆن دینار، هەروەها %14 بۆ مووچەی خانەنشینان بە بڕی 16.16 ترلیۆن دینار و هەروەها 3.9 ترلیۆن دیناریش بۆ مووچەی گرێبەست و كرێ و نزیكەی 700 ملیار دیناری دیكەش بۆ مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی لەكاركردن بەخشراون و بەمەش كۆی گشتی مووچەی خەرجكراو لە ماوەی ساڵی 2024 تا (11/تشرینی دووەم/2024) لە 76 تریلیۆن دیناری عێراقی نزیكبووەتەوە و ئەمەش %67ی كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەت پێكدەهێنێت.

ئەو ئابوریناسە روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە گەشەسەندنی خەرجییەكان بەردەوامییان هەبێت و بەرەو زیاتریش هەڵبكشێن، ئەوا لە ساڵی 2030 حكومەت پێویستی بە 250 ترلیۆن دیناری عێراقی دەبێت بۆ خەرجییەكان و بەم شێوەیەش رووبەڕووی مەترسی داڕمانی ئابووری و كورتهێنانی ئابووری دەبێتەوە.

ئاشكراشیكردووە، لەپێناو ئەوەی عێراق لە هێڵی هەڵئاوسانی ئابوری و داڕمان مەترسیدار و لە كۆنتڕۆڵدەرچوو بەدووربێت، ئەوا دەبێت، بەرزكردنەوەی فرۆشی نەوت بۆ هەشت ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبكاتەوە بەمەرجێك نرخی هەر بەرمیلێك بە كەمتر لە 60 دۆلار نەفرۆشێت، یاخود بەرزكردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بۆدوو هەزار و 600 دینار بۆ ئەوەی بەهای فرۆشی نەوت بە دۆلار هاوتەریب بێت و بەرزكردنەوەی داهاتی نانەوتیش بۆ 150 ترلیۆن دیناری عێراقی بەرزبكاتەوە.

دەشبێت، كەمكردنەوەی خەرجییەكان بە كەمكردنەوەی مووچە یان كەمكردنەوەی ئەو پاڵپشتییە كە بۆ بەرنامە جۆراوجۆرەكان دەكرێت بكرێت و نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت بۆ 120 دۆلار بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی كاركردن بەرزبكاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share