فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، “پرۆژەی رووناکی هەوڵێکی دیکەیە بۆ رووتاندنەوەی گیرفانی هاوڵاتی”.
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت، “ئێمە لەگەڵ کارەبای 24 کاتژمێریداین و دەمێک بوو دەبوو خەڵک کارەبای بەردەوامی هەبوایە، بەڵام پرۆژەیەک کە تیمێک لە ئەنجومەنی وەزیران دەیەوێت بیسەپێنێت و تەنانەت هی خودی وەزارەتی کارەباش نییە، ئەمەش هەوڵێکی ترە بۆ رووتاندنەوەی گیرفانی هاوڵاتی، نرخ گرانکردن پێویستە بە پێی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامبدرێت و حکومەتی کاربەڕێکەر ئێستا ناتوانێت نرخ زیادبکات و پێچەوانەی یاسا و رێنماییەکانە و ئەو دەسەڵاتەی نییە”.
دەشڵێت، “بارودۆخی هاوڵاتییانیش لە بارێکدا نییە کە نرخەکان بەو شێوەیە زیادبکرێت و ناکرێت ئەو شتانەی پەیوەستن بە هاوڵاتییانەوە شەفاف و روون نەبن و ژێربەژێر و بە نهێنیی کارەکان ئەنجامبدرێت، ئەوەی تێبینیدەکرێت پرۆژە و گرێبەستەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ قازانجی کۆمپانییاکانی خۆیانە، لەکاتێکدا دەبێت حکومەت لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و بارسوکییان بڕیاربدات”.
فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەوەش دەڵێت، “ئێمە ئەو پرۆژەیە و بەو نرخە گران و تاقەت پڕوکێنە بە مەترسیدار دەبینین و داوا لە پەڕلەمانتاری هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ ئەو پرسە یەک دەنگبین بەو پێیەی پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی گشتییەوە، هەر بۆیە لای خۆمانەوە بەرزکردنەوەی نرخ رەتدەکەینەوە و داواش لە هاوڵاتییان دەکەین ئەوانیش لەڕێگەی خۆیانەوە سکاڵا تۆماربکەن و ناڕەزایەتی دەربڕن و داکۆکیکاربن لە مافی خۆیان، ئێمەش لای خۆمانەوە بە رۆڵی چاودێریی و یاسایی خۆمان هەڵدەستین”.