فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات پاش ئەو تاوانانەی بەرانبەر هاوڵاتیانی مەدەنیی ئەنجامدران پەیامێكی ئاڕاستەی سەرۆكی نوێی سوریا كرد.
ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، پێویستە ئەوانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و رەشەكوژیان دژ بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە سزا بدرێن.
وتیشی، “داوا لە ئەحمەد شەرع، سەرۆكی نوێی سوریا دەكەم ئەو كەسانەی دەستیان لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانەدا هەبووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكات”.
ناوبراو جەختی لەوەشكردەوە، “ئەو چەكدارانەی لەلایەن توركیا و ئیسلامییە تووندڕەوەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن هۆكاری سەرەكیین بۆ ئەو رەشەكوژییە بەرانبەر هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا كران”.
لە رۆژی هەینی رابردووەوە هێزەكانی پۆلیسی پارێزكای لازقییە و هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆی سوریا كە هێزەكانی ئەحمەد شەرع ئەندامێتی دەكەن، گرژییان لەگەڵ ئەو چەكدارانەی پارێزگاریی لە عەلەوییەكان دەكەن دروستبوو و لە ئەنجمیشدا تا ئێستا زیاتر لە هەزار كەس كوژراون و تاوانی گەورەش بەرانبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامدراوە.