مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ساڵیادی راپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی راپەڕیندا رایدەگەیەنێت، بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان، پێویستمان بە گەشەپێدانێکی هەمەلایەنە هەیە.

لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، “كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان كوڕان و كچانی نەوەی راپەڕین و تێکرای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەناوی یەکێتییەکەتانەوە پیرۆزبایی گەرمی 34 ساڵەی راپەڕینتان لێدەكەین، كە لە 5ی ئادار لە دەروازەی راپەڕینەوە مژدەی رزگاری دەستیپێکرد و زەماوەندی سەرفرازیی بردە سلێمانی و قەڵای ستەمی لە هەولێر روخاند و لە دهۆكی دەلال سوپای داگیركەری بەعسی وەدەرنا و تاجی سەركەوتنی یەکجارەکی لە نەورۆزی رزگاری كەركوكدا لەسەرنا”.

دەشڵێت، “ئەم بۆنە مێژووییە لەكاتێكدا دەكەینەوە کە زیاتر لە سێ دەیە بەسەر تاقیکردنەوەی دیموکراسی و حوکمی خۆبەخۆی وڵاتەکەمان تێپەڕ دەبێت کە وێرای دەسکەوتەکانی یاسایی و دەستوری و پێشکەوتنی بوارە جیاجیاکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆ ئەمڕۆ و دواڕۆژ، پێویستمان بە گەشەپێدانێکی چۆنایەتی و هەمەلایەنە هەیە، ئەمەش بە هیممەتی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی، پەرەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان لەسەر بنچینەی دادپەورەری و حکومەتێکی گشتگیری کوردستانی دێتە دی”.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، “حکومەتێکی هەڵبژێردراوی پەرۆش بۆ ئێستای وڵاتەکەمان و بە تایبەتیش بۆ ئاسۆی ژیانی نەوەکانی تازەی بەرهەمی راپەرین کە هەقی خۆیانە ئەم وەرچەرخانە مێژووەی راپەرین و ئازادییەکەی دروستیکردووە، بە بەرجەستەکراوی ببینن و لێی بەهرەمەند بن”.

ئاماژە بەوەشدەکات، “لەم یادەدا بە پێویستی دەزانین تەئكید لەوە بكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزی داینەمۆی راپەرین و دەربەستی گشت قۆناغەكانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و لە سۆنگەی درككردن بەم ئەركە نیشتمانیە ، كۆششەكانی زیاتر و زیاتر خستۆتە گەڕ بۆ تێپەراندنی ئەم قۆناغە تا ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان بەدەست بێنین و بە یەکێتیی و پێکەوەیی و چاوتیژییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانی کوردستان و عێراق و دەوروبەر بکەین”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share