داوای پێدانی 100 هەزار دیناری بژێوی بۆ ئەم توێژە دەکرێت

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، داوای خەرجكردنی بڕی 100 هەزار دیناریان بۆ خانەنشینانی هەرێم کردووە.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، بە نوسراوی فەرمی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە كە بڕیاری خەرجكردنی 100 هەزار دینار بە ناوی باشتركردنی بژێوییەوە، كە ساڵی 2023 بۆ خانەنشینانی عێراق دەركرا، خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە.

وتیشی، “لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم لە مانگی 7ی ساڵی 2024ـەوە، ئەو بڕەپارەیەی بۆ خانەنشینانی هەرێم خەرجكرد، بەڵام دواتر لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە، بڕیاری خەرجكردنی 100 هەزار دینار بەناوی باشتركردنی بژێویی بۆ خانەنشینان راگرت، چونكە ئەو بڕیارە تەنیا بۆ خانەنشینانی عێراق دەركراوە، نەك خانەنشینانی هەرێم”.

د. نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا چاوەڕوانی رەزامەندیی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دارایی عێراقن بۆ دووبارە خەرجكردنەوەی ئەو بڕەپارەیە بۆ خانەنشینانی هەرێم.

دەشڵێت، پێمانوایە جێبەجێكردنی تەواوی یاساكە، چەند مانگێكی پێبچێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share