توێژینەوەیەکى نوێ ئەگەرى پەیوەندى لەنێوان ئازارشکێنێکى باو کە ژنان لەکاتى دووگیانیدا دەیخۆن بە گرفتى کەمى سەرنج و جموجوڵى زۆر لە منداڵدا ئاشکرادەکات.
توێژینەوەکە بووە مایەى تێڕامان دەربارەى سەلامەتیی بەکارهێنانى “ئەسیتامینۆفین” کە بەشێوەیەکى باو بە “پاراسیتامۆڵ” ناسراوە لەکاتى دووگیانیدا، پاش ئاماژەى ئەگەرى کاریگەرى لەسەر گەشەى دەمار و مێشک لە کۆرپەدا.
سەرەڕاى ئەوەى پاراسیتامۆڵ بە سەلامەتترین بژاردە دادەنرێت بۆ سوککردنى ئازار و کەمکردنەوەى تا لەکاتى دووگیانیدا، بەڵام ئەنجامە نوێیەکان پەیوەندیی نێوان ئەو دەرمانە و زیادبوونى مەترسیی تووشبوون بە گرفتى کەمى سەرنج و جموجوڵى زۆر (ADHD) لە منداڵدا دەردەخات.
توێژینەوەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامدرا، توێژەران چاودێریى ئاستى “ئەسیتامینۆفین”یان لە خوێنى 307 ژن لەکاتى دووگیانیدا کرد. ئەنجامەکان دەریانخست ئەو منداڵانەى لە منداڵداندا رووبەرووى دەرمانەکە بوونەتەوە، زیاتر تووشى گرفتى کەمى سەرنج و جموجوڵى زۆر دەبنەوە بە رێژەى سێ هێندە، بەراورد بەوانى دیکە. سەبارەت بە کچانیش ئەم مەترسییە بۆ زیاتر لە شەش هێندە بەرزبووەوە لە دە ساڵى یەکەمى تەمەندا.
سەرەڕاى ئەوەى ژمارەکان مایەى نیگەرانین، بەڵام شارەزایان دووپاتیدەکەنەوە کە ئەنجامەکان یەکلاکەرەوە نین و، نابێت ببێتە پاڵنەرى ژنانى دووگیان بۆ بەکارنەهێنانى دەرمانەکە، چونکە بەرزبوونەوەى پلەى گەرمیی لەش و چارەسەرنەکردنى ئازار زیانى گەورەتر بە کۆرپەلە دەگەیەنن، ئەمەش واتا بەکارهێنانى پاراسیتامۆڵ لە زۆر دۆخدا پێویستە.
لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا دامەزراوە تەندروستییە گەورەکانى وەک کارگێڕیى خۆراک و دەرمانى ئەمریکى (FDA) و ئاژانسى دەرمانى ئەوروپى (EMA) و کۆلێجى ئەمریکیى پزیشکانى ژنان و منداڵبوون (ACOG) دووپاتیدەکەنەوە کە مەترسیى پەیوەندیدار بە ئەسیتامینۆفین زۆر کەم و لاوازە، بە مەرجێک بە بڕێکى کەم و بۆ ماوەیەکى دیاریکراو بەکاربهێندرێت.