بۆچى چوار ساڵ جارێک مانگى شوبات 29 رۆژە؟

ئایا هیچ کات ئەو پرسیارە بە مێشکتدا هاتووە کە بۆچى مانگى شوبات چوار ساڵ جارێک دەبێتە 29 رۆژ؟ وەڵامەکە وەربگرەوە.

زیادبوونى رۆژێک لە هەر چوار ساڵ جارێکدا بەهۆى جیاوازیى چارەکە رۆژێکە لە هەر ساڵێکدا، چونکە ژمارەى رۆژەکانى ساڵى زایینى 365 رۆژ و چارەکە رۆژێکە، ئەو چارەکە رۆژانە بۆ ماوەى چوار ساڵ کەڵەکە دەبێت و جیاوازییەکە دەبێتە رۆژێکى تەواو بەوەش بۆ مانگى شوباتى چوارەم ساڵ زیاددەکرێت و دەبێتە 29 رۆژ.

ژمارەى رۆژەکانى ساڵ بەپێى ئەو ماوەیە دیاریکراوە کە زەوى بۆ تەواوکردنى خولگەیەکى خۆى بەدەورى خۆردا پێویستییەتى، کە بە ساڵى خۆرى ناودەبرێت و کاریگەرى لەسەر وەرزەکان هەیە.

بەڵام دیاریکردنى 365 رۆژ بۆ ساڵێک ژمارەیەکى نزیکەییە، چونکە زەوى پێویستى بە 365.242190 رۆژە بۆ تەواوکردنى خولگەیەک بەدەورى خۆردا، واتا 365 رۆژ و پێنج کاتژمێر و 48 خولەک و 56 چرکە. ئەم ساڵە “گەردوونییە” کەمێک درێژترە لە ساڵى “رۆژژمێرى”.

ئەگەرچى 0.2422 لە رۆژێکدا بە شتێکى کەم دادەنرێت، بەڵام بە درێژایى دەیان و سەدان ساڵ کۆبوونەوەى چارەکە رۆژێک لە هەر ساڵێکدا جیاوازیى دروستدەکات. بۆیە بۆ یەکانگیربوونى ساڵانى رۆژژمێرییمان لەگەڵ ساڵى گەردوونیى زەوى، زیادکردنى ئەو رۆژە هەر چوار ساڵێک گرنگە بۆ قەرەبووکردنەوەى جیاوازییەکە، تا روودانى چوار وەرزەکە هەموو ساڵێک لەو کاتەدا بێت کە پێشبینییان دەکەین.

لە ئەگەرى پشتگوێخستنى ئەو ژمارە کەمە و تێپەڕبوونى مانگ و ساڵەکان دەبینین کاتى وەرزەکان گۆڕانیان بەسەردادێت، واتە لە هەمان مانگى هەمان ساڵدا روونادەن، کە کاریگەرى لەسەر لایەنەکانى دیکەى ژیان دەبێت، بۆ نمونە وایلێدێت ساڵى نوێى خوێندن لە بەهاردا دەستپێدەکات نەک لە کۆتاییەکانى هاوین.

بە درێژایى 120 ساڵیش ئەو دواکەوتنە دەبێتە مانگێکى تەواو، ئەوکاتیش رۆژژمێر لەگەڵ وەرزەکاندا یەکناگرێتەوە، ئەمەش فەوزا لە چەندین بواری وەک پرۆژە مرۆییەکان و لە گرنگترینیشیان کشتوکاڵدا دروستدەکات.

ئەگەر ئەو زیادبوونى کاتە لەبەرچاو نەگیرێت ئەنجامەکان بێزارکەر دەبن، ئەگەر نەبنە وێرانکەر، چونکە بۆ نمونە دواى نزیکەى 700 ساڵ، وەرزى هاوین کە پێشبینى هاتنى لە مانگى حوزەیراندا دەکەین لە مانگى کانونى یەکەمدا روودەدات، پاش سەدان ساڵى دیکە ئاهەنگى سەرى ساڵ لە پلەیەکى گەرمیى زۆردا دەبێت، واتە دەچێتە هاوینەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share