هەڵوێستى کۆشکى سپى دەربارەى پەیامەکەى ئۆجەلان ئاشکرادەکرێت

کۆشکى سپى هەڵوێستى خۆى دەربارەى پەیامەکەى دوێنێى عەبدوڵا ئۆجەلان دەخاتەڕوو.

کۆشکى سپى لە راگەیەندراوێکدا کە کەناڵى “ئەلجزیرە” بڵاویکردەوە رایگەیاند، داواکاریى عەبدوڵا ئۆجەلان لە پارتى کرێکارانى کوردستان بۆ دانانى چەک، هاریکار دەبێت بۆ هێنانەدى ئاشتى بۆ ناوچەیەکى پڕ لە کێشە.

ئێوارەى دوێنێ پەیامى عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەرى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان لە ئیستانبوڵ-ەوە پێشکەشکرا کە تیایدا داواى هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە و چەکدانان لە گەریلا و، هەنگاونان بۆ کارى سیاسى دەکات.

ئۆجەلان 26 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵى 1999 لە نایرۆبیی پایتەختى کینیا دەستگیرکرا و، دواتر گوازرایەوە بۆ تورکیا و بە زیندانیکردنى هەتایى سزادرا، بەر لەوەى بۆ بەندینخانەیەکى تایبەت لە دوورگەى ئیمراڵى بگوازرێتەوە.

پەکەکە دواى دەستگیرکردنى ئۆجەلان ئاگربەستى راگەیاند، بەڵام جارێکى دیکە لە ساڵى 2004 پەناى بۆ خەباتى چەکدارى بردەوە.

لە ساڵى 2012ش پرۆسەى ئاشتى لەنێوان حکومەتى تورکیا و پەکەکە راگەیەنرا، بەڵام هەنگاوەکانى لەلایەن ئەنقەرەوە جێبەجێ نەکرا و بەمەش جارێکى دیکە رووبەڕووبوونەوەى نێوان هەردوولا سەریهەڵدایەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share