ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەران رایدەگەیەنێت، هیچ رێگرییەک لەبەردەم سەرلەنوێ هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستاندا نەماوە و لە چەند رۆژى نزیکى داهاتوودا دەبێت.
باسم نغمیش، ئەندامى لیژنەى نەوت و غازى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، سەرلەنوێ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە چەند رۆژى نزیکى داهاتوودا دەبێت، پاش گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایى لەنێوان بەغداد و هەولێر، هەروەها سەرجەم رێوشوێنە هونەرى و یاساییەکان تەواوکراون.
نغمیش وتیشى، “لەئێستادا هیچ رێگرییەک هونەرى بێت یان سیاسى لەبەردەم سەرلەنوێ هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێى بەندەرى جەیهانى تورکیدا نەماوە، کاروبارەکان بەپێى ئەوەى هەردوو حکومەتى بەغداد و هەولێر رێککەوتوون لەسەرى بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانى رێوشوێنە هونەرییەکانن لەلایەن لایەنى تورکییەوە، کە گەیشتووەتە قۆناغى کۆتایى”.
وتەى ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە چەند رۆژێک لەمەوبەر نەبیل مەرسومى، شارەزاى ئابورى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى بە ئەستەم ناوبرد.
ئەو شارەزایە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتى، “ئەستەمە سەرلەنوێ هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەڕێى بەندەرى جەیهانى تورکییەوە بکرێت بەبێ رێککەوتنى نووسراو لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانییانەى لە هەرێم کاردەکەن”.
باسى لەوەشکرد، رێککەوتنەکە دەبێت رێگەیەکى رۆشنى دەربارەى چۆنیەتى خەرجکردنى تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەبازاڕکردن و تێچووە نەوتییە کەڵەکەبووەکان لەخۆبگرێت.
یەکشەممەى رابردوو وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێم گەیشتنە رێککەوتنى لەگەڵ وەزارەتى نەوتى فیدراڵ بۆ هەناردەى نەوتى هەرێم بەپێى بڕى بەرهەمهێنراو راگەیاند، ئەمەش پاش هەماهەنگى و پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوولا.