د. میران محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، تاوەكو دەرگاكانی ئاشتی كراوەبن، بژاردەی چەكداریی پەسەند نییە، بەڵام ئاشتی وەك چەپڵە وەهایە و بە یەك دەست لێنادرێت، راگەیەنراوەكەی ئیمڕاڵی كە هەندێك بە “راگەیاندنی ئاشبەتاڵ” ناویدەبەن، هیچ لەو هەنگاوە سیاسییە كەمناكاتەوە كە بەشێكی گرنگی نەتەوەی كورد دەستی برایەتی و پێكەوەژیان بۆ گەلانی ناوچەكە درێژدەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، ئەم راگەیەندراوە لە ڕواڵەتدا “سازشێكی قورسە” دوای نزیكەی نیو سەدە لە خەبات و قوربانیدا، بەڵام بۆی هەیە هەڵدانی تۆپێك بێت بۆ ساحەی بەرامبەر، ئەمڕۆ ئاواتێكی گەورەی دەوڵەتی توركیا هاتەدی كە خودی رێبەری گشتی داوای چەكدانانی پارتەكەی دەكات، بەڵام دیارنییە بیری ناسیۆنالیستی توركی ئامادەگی ئاشتەواییەكی درێژخایەنی تێدایە؟
باسی لەوەش كردووە، قۆناغی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە كاڵكردنەوەی جیاوازییە نەتەوایەتی و ئایدیۆلۆژییەكان هەیە تاوەكو هەموو گەلانی ئەم ناوچەیە بتوانن پێشوازی لە داهاتوویەكی باشتر لە ئێستا بكەن و لانیكەم رێگری لە كوشتن و ئاوارەبوونی زیاتربكرێت.
ئەوەشیخستووەتەڕوو، دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز ئۆجەلان سەرەتای ئەو زەمینەیەیە كە ئاسان نییە رق و كینەی سەدان ساڵەی نێوان ئەم گەلانەی ناوچەكە وابەخێرایی دابمركێتەوە، لە هەر یەكێك لەو جوگرافیانەدا كە كێشەی خاكمان هەیە، كورد ئامادەیی بۆ هاوبەشی لە بەڕێوەبردن و بەرزكردنەوەی ئاڵای پێكەوە ژیان هەڵكردووە، لەبەرئەوە بەرپرسیاریەتی شكەستی ئەم قۆناغە لە ئەمڕِۆ بەدواوە لە ئەستۆی سەركردەی گەلانی تری ناوچەكە دەبێت.
راشیگەیاندووە، عێراق زەرەری نەكردووە لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات، لە 2003وە ئێستاشی لەگەڵدابێت كورد فاكتەرێكی گرنگی ئاشتەواییە بۆ عێراق، بەهەمان شێوە بۆ هەموو پارچەكانی تر راستە بەمەرجێك بەرنامەیان هەبێت بۆ سڕینەوەی بیری رەگەزپەرستی و گەشەپێدانی ئاشتەوایی و دیموكراسی.