بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە فۆڕمیان بۆ 147 منداڵ پڕکردووەتەوە کە لەسەر شەقام کاریان کردووە.
ژیلوان عادل بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەنجومەنی پاراستنی مافەکانی منداڵ بە ئەندامێتی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی بەردەوامی خۆیان دەکەن و ئەو پێشنیارانە دەخەنە روو کە تایبەتن بە پاراستنی مافەکانی منداڵ و نەهێشتنی کارکردنی منداڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ئەنجومەنەکە لیژنەیەکمان هەیە، بەردەوام سەردانی شەقام و شوێنە گشتییەکان دەکەن و هەر منداڵێک ببینن کە کاردەکات و فۆڕمێکی تایبەتی بۆ پڕدەکەنەوە و هەر پێویستییەکی هەبێت بۆی جێبەجێدەکەن، بۆ ئەوەی پێویست نەکات بچنەوە سەر شەقام.
ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە فۆڕممان بۆ 147 منداڵ پڕکردووەتەوە و لەسەر شەقام دوورمان خستوونەتەوە، ئامانجی ئێمە ئەوەیە دیاردەی کارکردن و دەرۆزەکردنی منداڵان نەهێڵین بۆ ئەمەش بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان.