ئەمڕۆ 23ی شوباتی 2025 ئەڵمانەکان روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کرد.
ئەو هەڵبژاردنەی ئەڵمانیا کاریگەریی لەسەر ملیۆنان کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە و ئەوروپاش هەیە، هەروەها ئەڵمانیا سێیەم گەورەترین ئابوری لەسەر ئاستی جیهان هەیە.
هەڵبژاردنەکە کاریگەریی لەسەر کوردیش دەبێت و چارەنووسسازە بەوپێیەی رێژەیەکی زۆری کورد کە ژمارەیان دوو ملیۆن کەسە لەو وڵاتە ژیان دەکەن.
هەروەها دەیان کورد بۆ هەڵبژاردنەکە کاندیدین و سیاسەتی وڵاتەکەش کاریگەریی لەسەر کورد و چارەنووسی هەیە.
چاوەڕواندەکرێت حکومەتی نوێی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانێتیی چەند پارتێک پێکبێت بەوپێیەی پێشبینی ناکرێت هیچ پارتێکی وڵاتەکە بەتەنها بتوانێت 50%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
پێدەچێت پێکهێنانی حکومەتی ئەمجارەی ئەڵمانیا چەند هەفتە و مانگێک بخایەنێت.
بەگوێرەی راپرسییەکان پێشبینیدەکریت، پارتی کریستیان دیموکرات 30%، جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 20%، سۆشیال دیموکرات 16%، سەوزەکان 13% و چەپەکان 7% ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بەدەستبهێنن.