پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە، لە ئاهەنگێک لە واشنتن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تێیدا بەشداربوو، کەسێک تەقەی کرد، بەڵام هیچ کوژراوێکی لێنەکەوتەوە، پرسیاری ئەوە هاتەکایەوە، کە ئەگەر ترەمپ یان ئەندامانی باڵای دیکەی ئیدارەکەی زیانیان پێبگات، کێ بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ؟
یاسای ئەمریکا، هێڵێکی ڕوونی داناوە بۆ ئەو کەسانەی لە حاڵەتی لەناکاو و نەخوازراودا، دەبنە شوێنگرەوەی سەرۆک کە بەرپرسانی باڵای کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران لەخۆدەگرێت.
بەپێی یاساکانی ئەمریکا، هەموو ئەو کەسانەی لە “هێڵی جێنشینیدان” و دەتوانن ببنە شوێنگرەوەی سەرۆک لە حاڵەتە نەخوازراوەکاندا، دەبێت لانیکەم تەمەنیان 35 ساڵ بێت و لانیکەم 14 ساڵ لە ئەمریکا ژیابن، هاوکات دەبێت ئەنجومەنی پیرانیش پشتڕاستیان کردبێتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک لە حاڵەتێکدا توانایان نەمێنێت، ئەوا کەسی یەکەم لەدوای ئەوان، مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت و ئەگەر ئەویش نەتوانێت، کەسی داهاتوو لە هێڵەکەدا چەک گراسلی، سەرۆکی ئەنجومەنی پیران دەبێت.
دواتر ئەندامانی کابینەکەی ترەمپ ئامادەی شوێنگرتنەوەی سەرۆک دەبن، بە پشتبەستن بەوەی کە چەند ساڵە لە حکومەتی ئەمریکا خزمەتیان هەیە؛ بەم پێیەش بێت، لە ئیدارەکەی ترەمپ یەکەم کەس مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە دەبێت بۆ شوێنگرتنەوەی سەرۆک، لە دوای ئەویش سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ دێن.
لەپاش ئەمانەش، شوێنگرەوەکە بەم ڕیزبەندییە دیاریدەکرێت: (وەزیری ناوخۆ، وەزیری کشتوکاڵ، وەزیری بازرگانی، وەزیری کار، وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان، وەزیری نیشتەجێکردن و گەشەپێدانی شار، وەزیری گواستنەوە، وەزیری وزە، وەزیری پەروەردە و لەکۆتاییدا وەزیری ئاسایشی ناوخۆ).