بەپێی ئامارێکی فەرمی، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرید لە مانگی یەکدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە نزیکەیی رێژەی 18% زیادیکردووە.
چارڵز لیستەر، بەرپرسی ئامار لە کۆمپانیای ڕاو مۆشن، تایبەت بە توێژینەوەی ئۆتۆمبێل دەڵێت، بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، ئەوەش بەهۆی جێبەجێکردنی داواکاریی یەکێتیی ئەوروپا تایبەت بە کەمکردنەوەی دەردانی گازی CO2، کە زیانبەخشە بۆ سییەکان.
بەپێی داتاکانی ڕاو مۆشن، مانگی یەکی ئەمساڵ، فرۆشی جیهانیی ئۆتۆمبێلی هایبریدی تەواو کارەبایی، بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی 17.7% بەرزبووەتەوە، ئەمەش سێیەم مانگە لەسەریەک کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە فرۆشیان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاددەکات.
لە ئامارەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، تەنیا لە وڵاتی چین بەراورد بە ساڵی رابردوو فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە رێژەی 11.8% بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک، تەنیا لە مانگی یەکدا زیاتر لە 700 هەزار ئۆتۆمبێلی لەو جۆرە فرۆشراوە.
ئۆتۆمبێلی کارەبایی کە ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی جیهان، فرۆشی بەرەو زیادبوون دەچێت، بە “دۆستی ژینگە” ناودەبرێت، بەو پێیەی هیچ سووتەمەنییەکی پێویست نییە و تەنیا بە وزەی کارەبایی کاردەکات.