بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى 13 سکاڵا بکات کە چواریان، پەیوەندییان بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە سکاڵاکان تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەى چەند مەرجێکى فرەژنى، کە لە هەموارێکى یاساى بارى کەسى لە پەرلەمانى کوردستان کراوە؛ سکاڵاکار داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە، ماددەى یەکەمى هەموارى یاساى بارى کەسیى ژمارە 15ى ساڵى 2008ى پەرلەمانى کوردستان، بە نادەستووری بناسێنێت، بەوپێیەى بەگوێرەى سکاڵانامەکە، ئەو ماددەیە پێچەوانەى بنەما جێگیرەکانى شەریعەتى ئیسلامە.
هەر ئەمڕۆ، دادگاى فیدراڵى تاوتوێى دوو سکاڵای دیکە دەکات، کە تێیدا داواى هەڵوەشاندنەوەى هەردوو وەزارەتى شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ئەوقاف و کاروبارى ئاینیى حکومەتی هەرێمى کوردستان کراوە.
لە یەکێک لە سکاڵاکاندا داواکراوە وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى هەڵبوەشێندرێتەوە، بەوپێیەى دژى پێنج ماددەى دەستوورى عێراقە و لە برى ئەو وەزارەتە، وەقف بۆ پێکهاتەکان دروستبکرێن، کە لە رووى کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ بن و ببەسترێنەوە بە ئەنجومەنى وەزیرانەوە.
هاوکات لە سکاڵاکەى دیکەدا، داوا دەکرێت دادگاى باڵاى فیدراڵى وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراوانى هەرێمى کوردستان بە نادەستوورى بزانێت، کە بەگوێرەى یاسای ژمارە 8ى ساڵى 2006 پێکهێنراوە. پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن دەستەیەک بە ناوى دامەزراوەى شەهیدان پێکبهێنن، کە سەر بە ئەنجومەنى وەزیران بێت و لە رووى دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆ بێت و یاسایەکى بۆ دەربکرێت.
سکاڵاى چوارەم لە دژى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ تۆمارکراوە، کە تایبەتە بە پێبژاردنى سەرپێچییەکانى هاتووچۆ و پارەى پشکنینى ئۆتۆمبێل و پێبژاردنى تیژڕەوی؛ لەو سکاڵایەدا داوا کراوە سەرپشککردنى وەزیرى ناوخۆ بە زیادکردن یان کەمکردنەوەى رسومات و پێبژاردنى هاتووچۆ بەگوێرەى فەرمانى ژمارە 86 دەسەڵاتى ئیئتلاف لە 2004 بە نادەستوورى بناسێنێت.