شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، ئەمشەو خێرایی با زیاددەکات و پلەی گەرمی دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و شەختە دروستدەبێت.
شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسیی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو شەپۆلی سەرمایەی لە چەند رۆژی رابردووەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تا ناوەڕاستی هەفتە بەردەوامیی دەبێت و لە دوای ئەو کاتەوە دەکشێتەوە و کاریگەریی کەمدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمشەو و دوو شەوی داهاتوو خێرایی با زیاددەکات، بە گشتیی پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکان روو لە نزمبوونەوەی زیاتردەکات تەنانەت لە سەنتەری شارەکانیش بۆ ژێرپلەی سفری سەدی دادەبەزێت، ئاسمان ساماڵ دەبێت و شەختە دروستدەبێت.