چەند رێنماییەک لە هاتوچۆی سلێمانییەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی کەشوهەوای بەفربارینەوە چەند رێنماییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایدەگەیەنێت، “لە کەش و هەوای بەفرباریندا شۆفێریکردن بۆ دوو هێندە قورس دەبێت، بۆیە لەسەر تۆی شۆفێر پێویستە کە بۆ سەلامەتیی خۆت و کەسانی دەوروبەرت، چەند رێنماییەک هەیە بە تەواوی جێبەجێ بکەیت”.

رێنماییەکانی هاتوچۆی سلێمانی بۆ شۆفێران:
1- کەمکردنەوەی خێرایی بۆ رادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیلەکەت هەبێت، واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت. هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان، لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.
2- پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبیلەکەی خۆت و ئۆتۆمبیلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیل لە بەفرباریندا کەمدەکات، بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیل.
3- ئیشکردنی ڕووناککەرەوە (گڵۆپ)ـی نزم و ڕووناککەرەوەی تەم، گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بارینی بەفر و بوونی تەم، ڕێژەی بینین کەمدەکاتەوە.
4- دڵنیابوون لەوەی کە ئۆتۆمبیلەکەت کەموکوڕیی نییە و پێویستە بەنزینی تەواو لە ئۆتۆمبیلەکەتدا بێت، بۆ کاتی پێویست و قەرەباڵغی.
5- بوونی بەتانییەک لەناو ئۆتۆمبیلەکەت، بۆ کاتی پێویست.
6- نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت، بەڵکو بەنەرمی و لەسەرخۆیی.
7- سەرداننەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.
8- لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو، راستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان. (هاتوچۆ 188، پۆلیسی فریاکەوتن 104، فریاگوزاری تەندروستی 122، بەرگری شارستانی 115).

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی خوێندنەوەی هۆنراوەیەکی کوردییەوە سکاڵا لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا تۆمارکرا

بەهۆی ئەوەی لە میانی سەردانێکیدا بۆ شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا هۆنراوەیەکی کوردیی خوێندەوە؛ سکاڵای یاسایی…
Total
0
Share