وتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكردووە، سەرۆكی نوێی ئەمریكا 15 نوسراوی واژووكردووە كە خۆی لە چەند بڕیارێك دەبینێتەوە.
جێن ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم بە كاتی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونی، جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ئەمریكا 15 بڕیاری واژووكردووە.
وتەبێژەكەی كۆشكی سپی ئاشكراشیكردووە، یەكێك لەو بڕیارانە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری چونە دەرەوەی ئەمریكایە لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، كە لە سەردەمی كابینەكەی ترەمپ بڕیارەكە دەركرابوو.
هەروەها یەكێكی دیكەی بڕیارەكان كە واژووی كردووە، گەڕانەوەی ئەمریكایە بۆ نێو ڕێككەوتنی پاریس بۆ ئاووهەوا.
سەرۆكی نوێی ئەمریكا لە یەكێكی دیكە لە بڕیارەكاندا بەستنی دەمامكی سەپاندووە بەسەر هاوڵاتییاندا بۆ ماوەی 100 ڕۆژ.
هەروەها بایدن بڕیاری داوە كە دانەوەی قەرزەكانی خوێندن ڕابگرێت.
بایدن یەكێكی دیكە لە بڕیارەكانی سەرۆكی پێشووی هەڵوەشاندەوە، ئەویش ڕاگرتنی ئەو بودجەیەی بۆ دروستكردنی دیواری سنووری نێوان ئەمریكا و مەكسیك بوو، هەروەها دروستكردنی بۆڕیی نێوان وڵاتەكەی لە سنووری كەنەدا ڕاگرت.
لە هەنگاوێكی دیكەیدا، سەرۆكی نوێی ئەمریكا قەدەغەی گەشتی چەند وڵاتێكی ئیسلامی بۆ ئەمریكا هەڵوەشاندەوە.
لە پاڵ دەركردنی چەند بڕیارێكی نوێ تایبەت بە كەرتی وزە، واژووی لەسەر بەرنامەیەك كردووە بۆ پارێزگاری لە منداڵانی ئاوارەكان.
یەكێك لە بڕیارە نوێیەكان دیاریكردنی ڕۆژی دەستبەكاربوونی خۆی بوو 20ی كانونی دووەم، وەك ڕۆژی یەكڕیزیی نیشتمانی.