ئیدارەى خۆسەر: گفتوگۆکان بە نێوەندگیریى ئەمریکا بەردەوامن

ئەندامێکى نوێنەرایەتیى ئیدارەى خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان رایدەگەیەنێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئیدارەى سەربازیى سوریا بە نێوەندگیریى ئەمریکا بەردەوامن.

فەتحوڵا حوسێنى، ئەندامى نوێنەرایەتیى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا لە لێدوانێکدا رایگەیاند، گفتوگۆى هێزەکانى سوریاى دیموکرات لەگەڵ ئیدارەى سەربازیى شام بەردەوامە.

وتیشى، “هێزى سەربازى دیمەشق و هێزەکانى سوریاى دیموکرات دوو هێزن لەناو سوریادا و دەبێت لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا هەبێت، ئەو گفتوگۆیانەش بە نێوەندگیریى ئەمریکا بەڕێوەدەچێت”.

حوسێنى باسى لەوەشکرد، نازانین شێوازى حکومەتى داهاتووى سوریا چۆن دەبێت، چونکە تائێستا هیچ رێککەوتنێکى سەبازى، سیاسى یان جەماوەرى لەبارەى حکومەتى داهاتووەوە نەکراوە.

هەسەدە هێزێکى بەرگریکارە، دەسەڵات و جوگرافیا و نەخشەى دیار و روونە، لەگەڵ ئەوەشدا دەستى واڵایە بۆ ئەوەى چارەسەرى سیاسى و هێمنى لە هەموو سوریادا بێتە ئاراوە، دوور لە دەستێوەردانى هەرێمایەتى و بەتایبەتیش تورکیا کە بارگرژیی دەکات و جموجوڵى سەربازیى هەیە و هێزەکانى سوریاى دیموکرات بۆمباران دەکات، ئەندامەکەى نوێنەرایەتى واى وت.

روونیشیکردەوە، چاوەڕێین بڕیاربەدەستانى ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووى سوریا چى دەڵێن و، ئەوان بۆ چارەسەرى سیاسى و سەقامگیرى لە سوریادا دەستیان واڵایە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share