هەمواری یاسای بودجە پەسەندكرا

ئەنجومەنی نوێنەران هەمواری یاسای بودجەی گشتی پەسەندکرد و پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.

بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دەنگیان لەسەر هەمواری یاسای بودجەدا و لە ڕێگەی كۆمپانیایی سۆمۆوە جارێكی دیكە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.

ئەوەشیخستەڕوو، بەپێی یاساكە نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوت 16 دۆلار دەبێت و بۆ ماوەی 60 رۆژ دەبێت.

بڕیار رەشید روونیشیكردەوە، لەو ماوەیەدا لایەنێكی تایبەتمەندی نێودەوڵەتی نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی بەرمیلێك نەوت لەهەر كێگەیەك بە جیا دیاریدەكات.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنەكە دانیشتنەكە كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار و بە سەرۆكایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەستیپێكرد.

پێشتر سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی شەوی چوارشەممەی رابردووی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان، “هەموو لایەک هاوڕابوون لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەی هەمواری یاسای بودجە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share