نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی هەردوو وەفدی وەزارەتی دارایی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق دەربارەی پرسی مووچە لە بەغداد دەستیپێكرد.
کۆبوونەوەکە، كاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەریەک لە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و بە سەرپەرشتیی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی ئابوریی عێراق دەستیپێكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو پرسی مووچەی ئەمساڵی هەرێم و یەكلاكردنەوەی خشتەكانی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2025 تەوەری سەرەكی دەبن.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرجەم ئەو گرفتانەی لە رابردوودا دەبوونە هۆی دواخستنی مووچە تاوتوێدەكرێن، كە چاوەڕوان دەكرێت لە كاركردنی دوو هەفتەی رابردووی هەردوو تیمی تەكنیكیی دارایی هەرێم و عێراق بەشێكی زۆریان چارەسەركرابن و، بڕیاری یەكلاكەرەوەیان لەسەر دەدرێت.
ئەو كۆبوونەوەیە بە گرنگترین دادەنرێت بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوە داراییەكانی نێوان هەردوو حكومەت.