دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سێ ئۆپراسیۆنی سەرکەوتوودا لە دەوروبەری سلێمانی توانییان “پێنج تیرۆریستی داعش” دەستگیربکەن.
دەزگای ئاسایش لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لەماوەی رۆژانی ١٩-٢٣-٢٠٢٥/١/٢٦ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا، لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تیرۆریستان توانیان “پێنج تیرۆریستی داعش” لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیربکەن بەناوەکانی (ص ث ع)، (و ا ر)، (ص س ص)، (م ع ح) و (خ ب ع) كە سەرجەمیان داواکراوی دادگاکانی عێراق بوون.
دەشڵێت، تیرۆریستان بەمەبەستی خۆحەشاردان روویان لە دەوروبەری سلێمانی کردبوو و، لەماوەی رابردوودا چەندین خولی شەرعی و سەربازییان بینیوە.
لە ئێستادا تۆمەتباران بە ماددەی چواری تیرۆر راگیراون و رووبەرووی یاسا کراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە، وەك ئەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئاماژەی پێداوە.