سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی رایدەگەیەنێت، سیستمێکی داتابەیسی پێشکەوتوو بۆ رێکخستنەوەی راژەی گشتی، دامەزراندنی نوێ و پلەبەرزکردنەوە پەیڕەودەکرێت.
سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی راژەی گشتی رایگەیاند، “سەرقاڵی دانانی بەردی بناغەی داتابەیسێکین بۆ بەدیجیتاڵکردنی دۆسیەی کەسیی فەرمانبەران، ئەمەش ئامرازێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری فەرمانبەران و دووبارە رێکخستنەوەی میلاکاتی وەزارەتەکانە”.
وتیشی، “بەپێی پێویستی وەکو ئەنجومەنی راژەی گشتی، دەسەڵاتمان پێدراوە پرۆسەی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بەڕێوەببەین، ئەمانە بە دەق لە یاسادا هاتوون و هەمووی لەسەر ئەو پێوەر و بنەما یاساییانەیە کە لە ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق دەرچوون”.
میدیای رەسمیی حكومەت لە زاری سەرۆكی ئەنجومەنی راژە ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای ئەو یاسایە، میلاکاتی وەزارەتەکان دەستنیشان بکرێت کە پرۆسەیەکە لەنێوان ئەوان و وەزارەتی دارایی و ئابوری، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی زانستی لەسەر بنەمای یاساکان، دووبارە پرۆسەی دامەزراندن بگەڕێتەوە سەر رێڕەوی راستی خۆی، کە هێنانی فەرمانبەرە بۆ ناو کەرتی گشتی لەسەر بنەمای زانستی، پسپۆڕی و توانا.
لەبارەی دامەزراندنیشەوە، سیراج بارزانی باسیلەوەکرد، “پێشبینی دەکەین سەرووی 100 هەزار کەسێکمان هەبێت لە هەرێمی کوردستان، کە دەرچووی دانەمەزراون، بەپێی پێداویستیی وەزارەتەکان ئیمەیڵیان بۆ دەنێرین، پڕۆفایلیان لای ئێمە دەبێت و دەزانین تایبەتمەندییەکانیان چین و بۆ چ کارێک گونجاون”.