سەعدی پیرە: نەوەی نوێ زۆر سەغین

وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا لە وادەكەی گرنگتر باشی كابینەكە و بەرنامەكەیەتی، لەو رووەشەوە نەوەی نوێ بە “سەغی” ناودەبات.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، كۆبوونەوەكانی لیژنەی تەكنیكیی یەكێتی و پارتی بۆ دیاریكردنی بەرپرسیارێتی و، دیاریكردنی پێكەوە كاركردنی هەردوو حزبە.

وتیشی، كۆبوونەوەی لیژنەی هەردوولا بۆ ئامادەكردنی رەشنووسی ئەو بابەتە، سبەی یان دووسبەی ئەنجامدەدرێت.

سەعدی پیرە باسی لەوەشكرد، دوای یەكلابوونەوەی رەشنووسەكە، دەخرێتە بەردەم وەفدی دانوستانكاری هەردوو لایەن.

سەبارەت بە ئامادەبوونی نەوەی نوێ بۆ پێشكەشكردنی 15 كورسییەكەیان بۆ هەر لایەنێك كە بیەوێت حكومەت پێبكهێنێت، كە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە خرایەڕوو، وتەبێژی یەكێتی وتی، “یەكەمجارە گوێم لەو سەخاوەتە دەبێت، خوا دەست بە عەمریانەوە بگرێت زۆر سەغین و، منەتمان پێیە”.

دەربارەی وادەی پێكهێنانی حكومەتی نوێش روونیكردەوە، لەوادەكەی گرنگتر پێكهێنانی حكومەتێكی باش و بەرنامەیەكی باشە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێك گلەیی نەبێت.

پێشتر سەرچاوەیەك بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە كۆبونەوەی لیژنەی تەكنیكیی یەكێتی و پارتی لە هەولێر بەڕێوەبچێت.

ئاشکراشیکرد، کۆبوونەوەی لیژنەکە درێژە پێدەری كۆبوونەوەكانی پێشووتر دەبن سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share