قۆناغی یەكەمی پرۆژەی رووناكی لە سلێمانی دەستپێدەكات

وتەبێژی كارەبا دەستپێكردنی پرۆژەی رووناكی لە سلێمانی رادەگەیەنێت و دەربارەی هەڵگرتنەوەی كێبڵی كارەبای مۆلیدەش لە ناوبازاڕ روونكردنەوە دەدات.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە دوێنێوە وەكو قۆناغی یەكەمی پرۆژەی رووناكی و دەستپێكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لە سلێمانی دەستمان بە كار كردووە.

وتیشی، “پرۆژەكە بە چەند قۆناغێك دەبێت، قۆناغی یەكەم (سێتبای)ی كردنی هەموو فیدەرەكان و بگۆڕەكان و چارەسەركردنی هەر كێشە و گیروگرفتێكی هونەرییە كە لە بگۆڕەكاندا هەبێت، دواتریش دەگوازرێتەوە بۆ ماڵان و هەر ماڵێك سەعاتی كارەبای بۆ نەبەسترابێت، بۆی دەبەسترێت”.

سیروان محەمەد هۆكاری بڕینی كارەبای چەند فیدەرێكیشی لە ناوچە جیاجیاكان بۆ دەستپێكردنی ئەو قۆناغە گەڕاندەوە، بەهۆی كاركردنی كرێكار و كارمەندانی كارەبا لەسەر ئەو فیدەرانە.

هەنگاوێكی دیكەی كارەبای سلێمانی كە لە شەوی رابردووەوە دەستیپێكردووە، هەڵگرتنەوەی كێبڵی تایبەت بە كارەبای مۆلیدەیە لە چەند بەشێكی ناو بازاڕ. وتەبێژی كارەبای سلێمانی روونیكردەوە، ساڵی رابردوو نزیكەی 13 تا 15 هەزار هاوبەشی كارەبا لە ناوبازاڕ كارەبایان بوو بە 24 كاتژمێری و پریپەید، بەهۆیەوە 18 مۆلیدە كە لەناو بازاڕ كاریان دەكرد، لابران.

روونیشكردەوە، بەڵام كێبڵەكانی مۆلیدە مابوون، كە هەم دیمەنێكی ناشرینی هەبوو، هەم لەكاتی چاكسازی لە تۆڕەكانی كارەبای ناوبازاڕدا گرفتیان دروستدەكرد، بۆیە بڕیاردرا كە سەرجەم كێبڵەكانی كارەبای مۆلیدە لە بازاڕ لێبكرێنەوە، كە لە شەوی رابردووەوە دەستیپێكردووە و پاش لێكردنەوەیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ گەنجینە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: بەهێزترکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان کوردستان و ئەمریکا یارمەتیدەر دەبێت لە گەیشتن بە ئامانجەکەمان

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەگەڵ وەفدی ژووری بازرگانیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لۆتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و…
Total
0
Share