ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، ڤلادیمێر پوتین، هاوتا رووسییەکەی هەوڵدەدات دۆناڵد ترەمپ “لەخشتە ببات”، لەڕێگەی دەربڕینی نیازپاکیی خۆی لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا.
زیلینسکی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، پوتین “دەیەوێت خواستی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاشتی بگۆڕێت، بەڵام دڵنیام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نابێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پوتین هەوڵدەدات لەبارەی شەڕی ئۆکرانیاوە نیازپاکیی خۆی بۆ ئەمریکا دەرببڕێت، بەڵام لە راستیدا، روسیا ویستی درێژەپێدان بە جەنگی هەیە.
دوێنێ هەینی پوتین رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و ئەو پرسانەی کە سەرۆکی ئەمریکا لە پێنج رۆژی یەکەمی ئیدارە نوێیەکەیدا، تیشکی خستووەتە سەریان.
وتیشی، ناتوانن دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا ئەنجام بدەن، مەگەر رۆژئاوا فشار بخاتە سەر زیلینسکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەکەی ساڵی 2022، کە رێگریی لە دانوستان لەگەڵ سەرۆکی روسیا کردبوو.