دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لەگەڵ شی جین بینگ سەرۆکی چین بە تەلەفۆن قسەیانکرد و چەندین پرسی تایبەت بە هەردوو وڵاتیان تاووتوێکرد.
ترەمپ لە پۆستێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس بڵاویکردەوە، رایگەیاند، “پێشبینیدەکەم بەشێک لە کێشەکانی نێوانمان چارەسەربێت”
ترەمپ و جین بینگ، پرسی داخستنی تیک تۆک و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات و چەند پرسێکی دیکەیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاووتوێکرد.
لای خۆیانەوە میدیاکانی چین، ویستی سەرۆکی وڵاتەکەیان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتراستکردووەتەوە.
سەرۆکی چین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاند، “ئەم پەیوەندییە گرنگی زۆری هەیە، هیوادارین ئەمە سەرەتایەکی باش بێت لە بەرەپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات”.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا سوێندی یاسایی دەخوات، هان چینگ جێگری سەرۆکی چین ئامادەی رێورەسمەکە دەبێت.