لەمڕۆوە سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی نیکۆلاس سارکۆزی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەنێردرێتە زیندانی لا سانتێ، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا.
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ سێشەممە، نیکۆلاس سارکۆزی، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا، نێردرایە زیندانی لاسانتێ، کە بەهۆی تۆمەتی پیلانگێڕیییەوە سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش یەکەمجارە سەرۆکێکی فەرەنسا بچێتە زیندانەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سارکۆزی دەست لە دەست لەگەڵ کارلا برونی هاوسەریدا، ماڵئاوایی لە خەڵک کرد و بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی بەرەو زیندانی بەڕێکەوت، جێبەجێکردنی سزاکەی سارکۆزی پاش ئەوەدێت کە سەرۆکی دادگای پاریس رەتیکردەوە تێهەڵچوونەوە بە سزاکەیدا بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو لێکەوتانەی کە بەهۆی تاوانەکەیەوە بەر کۆمەڵگە گەیشتووە، بۆیە دادگای پاریس پێداچوونەوەی بە سزاکەیدا نەکرد، بەڵام پاش دوو مانگ لە جێبەجێکردنی سزاکەی دەتوانێت داوای تێهەڵچوونەوە و پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا بکات”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لەبەر هۆکاری ئەمنی، سەرۆکی پێشووی فەرەنسا ژوورێکی تایبەت و VIP بۆ دابیندەکرێت، سارکۆزی بە رۆژنامەی لێ فیگۆری فەرەنسی وتووە، بۆ بەسەربردنی کاتەکانی، هەردوو بەشی کتێبی ‘پایەبڵند ئەلێکساندەر دوماس’ و ‘ژیاننامەی مەسیح’ لەگەڵ خۆیدا دەباتە زیندان و دەیانخوێنێتەوە، هەروەها لە پلانیدایە لە زیندان کتێبێک بنووسێت”.
باسی لەوەشکرد سارکۆزی بەردەوام جەخت لە بێتاوانی خۆی دەکاتەوە و دەڵێت، “لە زیندان ناترسم، سەرم بەرزە، تەنانەت لەبەردەم دەرگای زیندانی لا سانتێ هەر سەرم بەرزە، تاوەکو کۆتایی دەجەنگم”.
سارکۆزی لە 25ی ئەیلوولی 2025، سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، پاش ئەوەی تۆمەتی ئەوەی درایەپاڵ کە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ساڵی 2007، یاریدەدەرەکانی داوای پارەیان لە مـ.ـوعمەر قـ.ـەزافی، سەرۆکی پێشووتری لیبیا کردووە، ناوبراو لە 2007 تاوەکو 2012 سەرۆکی فەرەنسا بووە، بەمەش دەبێتە یەکەم سەرۆکی وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابێت.