مووشەکێکی سپەیس ئێکس دوای هەڵدانی تەقییەوە

موشەکێکی کەشتیی ستارشیپی سپەیس ئێکس لە بۆشایی ئاسمان دوای چەند خولەکێک لە هەڵدانی لە تەکساسەوە تێکشکا و رێڕەوی گەشتی هێڵی ئاسمانییەکانی بەسەر کەنداوی مەکسیکدا گۆڕی بۆ ئەوەی پاشماوەیان بەسەردا نەکەوێت.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئاژانسی رۆیتەرزدا دەرکەوتووە کە برووسکەی رەنگ پرتەقاڵی رووناکی بەسەر ئاسماندا درووستبووە لە ئەنجامی تەقینەوەی مووشەکەکە.

دان هووت بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سپەیس ئێکس رایگەیاند، هەموو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ مووشەکەکەدا لەدەستدا  ئەمەش لە بنەڕەتدا پێمان دەڵێت کە ناتەواوییەکمان هەبووە.

بەپێی ماڵپەڕی بەدواداچوونی گەشتەکان FlightRadar24، دەیان گەشتی بازرگانی رێگەیان بۆ فڕۆکەخانەکانی دیکە گۆڕیوە یان رێڕەوەکەیان گۆڕیوە بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەی پاشماوەی مووشەکە زیانیان پێنەگات.

هاوکات، گەشتی فڕۆکەخانەکانی میامی و فۆرت لۆدەردەیل لە ویلایەتی فلۆریدا نزیکەی 45 خولەک دواکەوتووە.

ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر ئێکس بڵاوکردەوە کە گەڕانەوەی پاشماوەکانی تێدا دەردەکەوێت و دەڵێت: “سەرکەوتن نادیارە، بەڵام چێژوەرگرتن گەرەنتیکراوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share