حکومەتی عێراق بڕیاری لێبڕینی 1% ی مووچە لەسەرجەم فەرمانبەرانی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە کە ساڵی رابردوو بۆ هاوکاریکردنی غەززە و لوبنان دەریکردبوو.
میدیاکانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویانکردەوە، لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بەخشینی 1% ی مووچەی مووچەخۆرانی عێراقی دەرکرد بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە وەک هاوکارییەک بۆ گەلی لوبنان و غەززە بۆ ماوەی شەش مانگ.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ناڕەزایەتی بەشێک لە مووچەخۆرانی لێکەوتەوە بەهۆی ئەوەی خۆیان لە دۆخێکی خراپی داراییدان، هەر بۆیە لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا، بڕیارەکە خانەنشینانی لێدەربکرێت.
ئاشکراشیانکرد، بەهۆی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان بەم نزیکانە ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم فەرمانبەران لە بڕیارەکە دەردەکات و مووچەکانیان وەک خۆی لێدێتەوە.