لەگەڵ چوونە ناو ساڵی نوێ و هەنگاوەکانی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هاتەوە بەرباس، بەڵام چارەنووسی دیار نییە کە بە خێر و خۆشی بۆ خەڵکی هەرێم دەشکێتەوە یاخود دەبێتە نەهامەتی و کێشە بۆ مووچە دروستدەکاتەوە.
“رێوشوێنی باش بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دانراوە”، ئەمە قسەی دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بوو لە بەغداد كە رۆژنامەنووسان پرسیاری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیان لێكرد.
لەو كاتەی هەناردەی نەوتی هەرێم بە بڕیارێك راگیراوە چەند جارێك هەوڵی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم درا، هەوڵەكان بێئەنجامبوون، ئێستا هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە و بڕی 16 دۆلار بۆ تێچوو و بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لە هەمواری یاسای بودجەدا دیاریكراوە.
لەسەر گرفتی نەوت و بودجە و مووچە، شیروان میرزا كە ئەندامی خولی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەرێمی كوردستان ناتوانێت سەربەخۆ هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە و دەبێت لە رێگای كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانییەوە بێت و هەر كاتێك بیر لەو بژاردەیە بكاتەوە سكاڵایەكی لەسەر تۆماربكرێت و هەناردەی نەوت رادەگیرێتەوە.
وتیشی، ” ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە تێچووی نەوتی هەرێم لە یاسای بودجە هەمواربكرێتەوە، هەرێم دەتوانێت مووچە و بودجە لە عێراق وەربگرێت بەو مەرجەی نەوتەكەی رادەستبكات، بەڵام ئەگەر بیر لە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت بەبێ بەغداد بكاتەوە كارێكی خراپ دەكات”.
هاوكات د. شێركۆ جەودەت، كە ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە بووە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەرێمی كوردستان ناتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە و ئەگەر هەر هەنگاوێكی لەو شێوەیەش بنێت دۆخی مووچە باش نابێت.
ئەوەی جێی ئاماژە بۆكردنە، لە ئێستادا هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەن هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگای سۆمۆوە دەستپێبكاتەوە و ئەوەش دوای هەمواری یاسای بودجە كە پشكی بودجە و مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ئەمساڵدا چارەسەرببێت.