وەزارەتی دارایی هەرێم، رایگەیاند، “وەزارەتی دارایی فیدراڵ دادپەروەر نەبووە”.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات دادپەروەر نەبووە و پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ بەربەست.
دەشڵێت، بەپێی کەشفی حسابی وەزارەتمان لە بانکی ناوەندیی عێراق لقی هەرێم/ هەولێر، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی تەنها (10,026,883,844,549) دیناری وەک شایستەی مووچوخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2024) ناردووە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕی (726,995,775,414) دیناری وەک لێبڕینی خانەنشینی و باجی داهات لە کۆی تەرخانکراوی هەرێم بڕیوە.
وەزارەتەکە باس لەوەشدەکات، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم تەرخانکراوە، بەپێی خشتەی (هـ) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی (2024)، بریتییە لە (11,576,521,335,000) دینار، بەمەش دەردەکەوێت هەرێمی کوردستان بڕی (822,642,015,037) دیناری لە تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ ساڵی ( 2024) لای حکومەتی فیدراڵی ماوە.