سەرۆكایەتیی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دوای گەییشتنی بە بەغداد، بەشداریی لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا كرد و چەند پرسێك لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێكران.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وێڕای جەختكردنەوە لە ماف و شایستە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ستایشی ڕۆڵی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا كە لە ماوەی ساڵی رابردوودا كاری كردووە بۆ لێكگەیشتنی هەولێر ـ بەغداد و هیوای خواست هەموو پرسەكان بە گفتوگۆ، چارەسەربكرێن و هەر لەمبارەیەوە بڕیارە هەردوولا سبەی كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن.
لە كۆبوونەوەنەكەدا، جەخت لە پێویستیی پشتگیریی هەموو لایەنەكان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت لە هەموو بوارەكاندا كرایەوە، هەروەها پشتگیری لە چاكسازییە دارایی و ئابورییەكانی حكوومەت كرا، جەختیشكرایەوە كە هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا نییە، جگە لە پرسە تەكنیكییەكان، ئەوەش دەكرێت لە ڕێگای دیالۆگ و لێكگەیشتنەوە، چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.