دۆزەخەکەی کالیفۆرنیا چۆن دەستیپێکرد و کەی کۆتاییدێت؟

لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە ئاگرێکی گەورە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتووەتەوە، کە بە یەکێک لە گەورەترین و کارەساتبارترین رووداوەکان لە مێژووی وڵاتەکەدا هەژماردەکرێت و بەهۆی فراوانی ئەو رووبەرەی گرتوویەتییەوە و ئەو دیمەنە کارەساتبارەی دروستیکردووە بە دۆزەخ ناودەبرێت.

شەوی رابردوو پزیشکی دادی کالیفۆرنیا لە دوایین ئاماری قوربانیانی ئاگرەکە بڵاویکردەوە، تا ئێستا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش پێنجیان لە ناوچەی پالیسدیس و 11 یان لە ناوچەی ئیتۆن بوون کە ئاگرەکە بە  شێوەیەکی فراوان لەو ناوچەیە پەرەیسەندووە جگە لە زیانە ماددییەکان کە بە زیاتر لە 150 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

سەرەتای دەستپێکردنی ئەم کارەساتەی سەدەی 21 لە ناوچەی باسیفیک پالیسادیس ی شاخاوییەوە بووە، کە بە وتەی لێکۆڵەران، ئاگرەکە لە بەشی پشتەوەی بینایەک کە بە دار و درەخت دەوردراوە لە شەقامی پیدرا درایڤ دەستیپێکردووە و بە خێرایی پەرەیسەندووە.

سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە سێ گریمانە هەن، گریمانەی یەکەم هۆکاری ئاگرەکە بۆ روودانی هەورەبروسکە دەگەڕێنێتەوە، بەو پێیەی هۆکاری بەشێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام کۆمەڵەی نیشتمانیی خۆپارێزی لە ئاگر ئەم گریمانەیە رەتدەکاتەوە و بە دووری دەزانێت هەورەبرووسکە لە ناوچەکە رووبدات، ئەمە جگە لەوەی هیچ راپۆرتێک لەبەردەستدا نییە کە جەخت لە رووداوی هەورەبرووسکە بکاتەوە لە پێش کەوتنەوەی ئاگرەکە یان لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا.

روودانی شۆرتی کارەبا و ئاگرکردنەوەی بەمەبەست دوو گریمانەی دیکەی هۆکار کەوتنەوەی ئاگرەکەن، سەبارەت بە شۆرتی کارەبا هۆکاری چەند حاڵەتێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە بووە لە دارستانەکانی ئەمریکا، بەڵام دیسانەوە پشتڕاستکردنەوەی کە هۆکاری ئاگرەکەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، هەرچی ئەگەری سێیەم و کۆتاییە سەبارەت بەوەی رووداوێکی دەستکرد بێت و ئاگرەکە بەمەبەست کرابێتەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنەوەی ئاگرەکە هیچ سەرەداوێکیان لەبارەیەوە دەستنەکەوتووە.

سەبارەت بە تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی خێرا و ترسناکی ئاگرەکە، لە خولەکەکانی سەرەتای کەوتنەوەی ئاگرەکە تەنها 10 دۆنم زەوی لە پووش و پاوان و درەخت ئاگریان گرت، بەڵام بە ماوەی کەمتر لە 20 خولەک رووبەری ئاگرەکە 200 دۆنمی تێپەڕاند کە تا ئێستا گەیشتووە بە ماڵ و بینا و کووچە و کۆڵانەکانی ویلایەتەکە، کە بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیانە ماددیەکانی لە 200 ملیار دۆلار نزیکبووەتەوە، بەڵام بۆچی ئاگرەکە هێندە خێرا تەشەنەی سەند و زیانەکانی بەو شێوەیە گەورەبوون؟

رۆری هادن توێژەر لە زانستی ئاگر لە زانکۆی ئەدنبەرە دەڵێت، بارانبارینی زۆر لە ناوچەکە سەوزبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دار و درەخت و گژوگیا لە ناوچەکە، دواتر هاتنی وشکەساڵی و کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر لە گژوگیای وشک و درەختی وشکبوو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە.

رەشەبای سانتا ئانا کە بە بایەکی وشک و گەرم ناسراوە لە ناوچەکە هەڵیکردووە، کە جگە لەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر درەختەکان وشک بکاتەوە هۆکاری خۆشکردنی زیاتری ئاگرەکە و گواستنەوەی پڕیشکیەتی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە.

سروشتی ناوچەکە کە چەندین شاخ و دۆڵی تێدایە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بە بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی ئاگرەکە هەژماردەکرێن.

ماوەی شەش رۆژە بڵێسەی ئاگرەکە پەرەدەسێنێت، هەرچەندە لە هەندێک ناوچەی لۆس ئەنجلس ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و هاوڵاتییان گەڕاونەتەوە بۆ ماڵە سووتاوەکانیان کە بە زیاتر لە 12 هەزار خانوو هەژماردەکرێت، بەڵام تا ئێستا ئاگرەکە لە چوار قۆڵەوە پەرەدەسێنێت، هەرچەندە مەکسیک هاوکاری پێشکەش کردووە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی ئاگرکوژێنەرەوەی ویلایەتەکە، کەمی کارمەند و تیمی ئاگرکوژاندنەوە، کەمی ئامێری پێویست بووەتە بەربەستی گەورەی بەردەم کارەکانیان بەو هۆیەشەوە ئیدارەی بایدن رووبەڕووی رەخنەی توند بووەتەوە.

هەرچەندە لە شەوی رابردووەوە رەشەبای سانتا ئانا خێراییەکەی تا رادەیەک کەمبووەتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی دووبارە چالاکبوونەوەی ناتوانرێت پێشبینی کاتی کۆتاییهاتنی ئەو کارەساتە سروشتی و مرۆییەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکرێت.

 

 

بابەتی پێشتر

گەنجێک لە کەرکوک کوژرا

بابەتی دواتر

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەغداد بڕێکی کەم نەوت رەوانەی هەرێم دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەکێک لە نوێنەرانی خامنەیی کوژرا

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندووە، لە هێرشێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە لە پارێزگای مازندەران ئایەتوڵا عەباس عەلی سولەیمانی کوژرا. ئاژانسی…
Total
0
Share