تەمەنی خانەنشینی لە عێراق و هەرێم یەکلادەکرێتەوە

تەمەنی خانەنشینی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازیی هەیە، بە جۆرێک لە ئێستادا تەمەنی خانەنشینی لە عێراق 60 ساڵە و لە هەرێمی کوردستان 63 ساڵە، پێدەچێت لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەران تەمەنی خانەنشینی یەکلابکرێتەوە.

سبەی یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی سبەینێ هەمواری دووەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9 ساڵی 2014یە.

لە ساڵی 2019دا هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینی کرا و تەمەنی خانەنشینبوون لە 63 ساڵییەوە کرایە 60 ساڵ بە بڕیارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

ئێستاش، هەوڵێک هەیە بۆ گێڕانەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ، بەڵام دیار نییە ئەم پڕۆژەیاسایە دوای خوێندنەوەی لە دەنگداندا ئەنجومەنەکە پەسەندی دەکات یاخود نا.

لە ساڵی 2024دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردا بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 مووچەی خانەنشینان لەگەڵ عێراق یەکبخات و لە مووچەی مانگی ئابەوە مووچە یەکخرا.

لە هەرێمی کوردستان تا ئەم ساتە، تەمەنی خانەنشینی 63 ساڵە، بەڵام ئامادەکاریی کراوە، لە ئەگەری ئەوەی تەمەنی خانەنشینی بە 60 ساڵی بمێنێتەوە لە عێراق و ئەم پڕۆژەیاسایە رەتبکرێتەوە، لیستی ناوی فەرمانبەرانی تەمەن 60 و61 و62 ساڵەکان ئامادەکراوە بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014 و هەموارەکەی ساڵی 2019 مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

بابەتی پێشتر

کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و نوێنەرانی كورد ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

بارانبارین دەستپێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share