قوباد تاڵەبانی: هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كێشەی مووچە و بودجە چارەسەربكرێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە ئاندرۆ بیزلی، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێكران.

لە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە گفتوگۆكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان كرا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.

قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە، گفتوگۆكان بەردەوامە بە ئاراستەی گەیشتین بە رێككەوتنێك كە رەزامەندیی هەموو لایەنەكانی بەشداری لەسەر بێت و جەختیشیكردەوە كە حكومەتی داهاتوو دەبێت حكومەتێكی خزمەتگوزار بێت و كێشە سەرەكییەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەربكات.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كێشەی مووچە و بودجە و كێشەكانی دیكەی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربكرێت، لەمبارەیەوە كونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە گرنگی زانی كێشەكان بە ڕێگای گفتوگۆوە چارەسەربكرێن و پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دووپاتكردەوە.

لە تەوەرێكی دیكە گفتوگۆكرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناكانی گەنجان، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەكانی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازیی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچووك و روونیكردەوە، ئامانجیان لەم پڕۆژانە دەرخستنی تواناكانی گەنجان و ئاستی بەشدارییان لە گەشەپێدانی ئابوریی كوردستاندا بەهێزتربكەن.

لەم چوارچێوەیەدا كونسوڵی گشتیی بەریتانیا پڕۆژەكەی بە گرنگ وەسفكرد و ئامادەیی خۆی و كونسوڵخانەی بەریتانیای بۆ هاوكاریكردنی پڕۆژەكە دەربڕی.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: خۆمان بە پارێزەری سەرجەم خەڵكی كوردستان دەزانین

بابەتی دواتر

دەربارەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی هەرێم بڕیارێک دەدرێک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share