ئەگەر بەنداوی تشرین دابڕمێت چی روودەدات؟

بەنداوی تشرین یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی وڵاتی سوریا، کە ماوەی چەند هەفتەیەکە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا لەسەری بووەتە باسێکی گەرمی میدیا عەرەبی و کوردییەکان.

بەنداوی تشرین دەکەوێتە نزیک شاری منبج، 115 کیلۆمەتر لە شاری حەڵەب و 80 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە، لە ساڵی 1999 بە ئامانجی گلدانەوەی ئاو و دەستکەوتنی وزەی کارۆئاوی لەسەر رووباری فورات بونیادنراوە، لەدوای ئاڵۆزبوونی دۆخی سوریا لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆنتڕۆڵکرا و ساڵێک دواتر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانرا کۆنتڕۆڵبکرێتەوە و تا ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا ماوەتەوە.

لەدوای دروستکردنی، بەنداوەکە بووەتە سەرچاوەی سەرەکی ژیان و کشتوکاڵکردنی ژمارەیەکی زۆر دانیشتووانی باکووری سوریا، بە شێوەیەک کۆنتڕۆڵکردنی بەنداوەکە بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە دێت.

بەشێکی گرنگی بەنداوەکە لەو دەریاچەیەوەیە کە لەدوای بونیادنانی دروستیکردووە کە ئەویش دەریاچەی دەستکردی تشرینە و دەکەوێتە شاری حەڵەبەوە.

بەشێکی دیکە لە گرنگی ئەم بەنداوە ئەوەیە کە شارەکانی حەڵەب و رەقە و حەسەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دۆخێکی دروستکردووە، کە هەر هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانە بدرێت، پێویستی بە دەستوەردانی سەربازی دەبێت، بە مانایەکی دیکە لە بواری سەربازیدا بەنداوەکە وەک هێڵێکی بەرگریی لەو ناوچانە دەبینرێت، هەر بۆیە بە تێڕوانین لە بەنداوەکە دەردەکەوێت ململانێ لەسەر بەنداوەکە ململانێی دەستکەوتنی ئاو نییە، بەڵکو ململانێ و کێبڕکێی زیادکردنی نفوز و دەستکەوتی لەوە زیاترە، بۆیە بووەتە سەرچاوەی ناکۆکی لە سوریادا.

لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، لەدوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە سوریا روویاندا و رژێمەکەی بەشار ئەسەد رووخا، گرژی و ئاڵۆزییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا جارێکی دیکە لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، گرووپە چەکدارییەکانی تورکیا یان ئەوانەی لە تورکیاوە ئاڕاستەدەکرێن، دەستیانپێکردەوە و لەو کاتەشەوە بەنداوی تشرین یەکێکە لە ئامانجەکانی ئەو گرووپانە.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە تورکیا بە بەردەوامی بۆردومانی بەنداوەکە دەکات و بەو هۆیەوە زۆرێک لە ناوچەکانی کۆبانێ و دەوروبەری بێ کارەبا بوون، مەترسییە گەورەکەش لە ئێستادا لە داڕمانی بەنداوەکەدایە، وەک ئەوەی هەسەدە ئاماژەی بۆ کردووە.

دوێنێ چوارشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا هۆشداریی لە رووخانی بەنداوەکە و دروستبوونی کارەساتێکی گەورەی مرۆییدا بەهۆی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری.

یەکێک لەو پرسیارانەی لە ئێستادا دروستبوون ئەوەیە، ئەگەر بەنداوەکە بڕووخێت چی روودەدات؟

بەنداوەکە توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لەم وەرزەدا بڕێکی زۆری ئاو گلداوەتەوە، لە ئەگەر رووخانی بەنداوەکەدا رووباری فوڕات توانای گلدانەوە لەدەستدەدات ده‌بێته‌ هۆی به‌ردانه‌وه‌ی‌ ئاو به‌ لێشاو كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ژێرئاوكه‌وتنی ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان، هه‌روه‌ها به‌ سه‌دان گوند و ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری رووباری فورات هه‌ر له‌ ته‌بقه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ره‌ققه‌ دواتریش بۆ عێراق تا دەڕژێتە شەتولعەرەب.

بەپێی ئەو راپۆرتانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە ناوخۆی عێراق پارێزگای ئەنبار و هەموو ئەو ناوچە کشتوکاڵی و پرۆژانەی دەکەونە ئەمبەر و ئەوبەری رووباری فوڕات زۆرترین زیانی لەو لافاوەیان بەردەکەوێت کە رووخانی بەنداوی تشرین دروستی دەکات.

لەگەڵ بوونی ئەو مەترسیانە و ئەو هۆشدارییانەی لەبارەیەوە دراون، لە ماوەکانی رابردوودا وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق دڵنیایی لەبارەی سەلامەتی هاوڵاتییانی عێراق و رووبەرە کشتوکاڵییەکانی دا لە هەر ئەگەرێکی رووخانی بەنداوەکە.

وەزارەتەکە جەختیکردووەتەوە، عێراق توانای گلدانەوەی بڕێکی زۆر باشی ئاوی هەیە، ئەگەر بەنداوی تشرین بڕووخێت، بەنداوی حەدیسە دەریاچەی حەبانییە و رەزازە، ئاوەکەی گلدەدەنەوە و هیچ گرفێک دروست نابێت.

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

کەشناسیی عێراق: هەینی شەپۆلێکی بارانبارین روو لە وڵات دەکات

بابەتی دواتر

دەرچووانی دانەمەزراو لە هەڵەبجە گردبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share