لە ئۆپەراسیۆنێكی وردی هەواڵگریدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر توانی ژمارەیەك تیرۆرستی داعش لە سنووری شارەزوور دەستگیربكات، ئۆپەراسیۆنەكە دوای چاودێری و بەدواداچوونی ورد ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆردا كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، “تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینن و لە كاتی دەسەڵاتی ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعشدا لە چەندین پۆستی جیاوازدا كاریان كردووە، تۆمەتبارەكان لە چەندین كردەوەی تیرۆریستی و پێشێلكاریی مافی مرۆڤدا دەستیان هەبووە”.
ئاماژە بەوەشدراوە،”هێزەكانی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێكی خێرا و بێزیاندا توانییان تۆمەتبارەكان دەستگیربكەن و رادەستی دادگای تایبەتمەندیان بكەن بۆ لێپێچینەوەی یاسایی”.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە بەردەوامدەبێت لە ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ دەستگیركردن و لەناوبردنی هەموو تیرۆریستان و شانە نووستووەكانی داعش لە سەرانسەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان”.