ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی 960 ملیار دیناری بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە خەرجكردووە و حكومەتی عێراق پابەند نەبوو بە خەرجكردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە راگەیەندراوێكیدا كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەكاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خەرجكراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی عێراق، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەكی دیكەی هەرێمی خەرج نەكردووە لە تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم وەك بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە كە حكومەتی هەرێم، ئەرك و پابەندییەكانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە جێبەجێكردووە و لە هەوڵەكانیشی لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوامە بۆ دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حكومەتی عێراق تەواوكاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت.