سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خێراتردەكرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆشەممە، كۆبوونەوەی سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دابەشكردنی زەوی رێكخرا كە ئامانج لە كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە تاوتۆیكردنی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەمەبەستی هەوڵدان بۆ خێراكردنی پرۆسەكە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە نەخشەی وردەكاریی تایبەت بە پاركی سەوزایی كە شارەوانی لە هەوڵی ئەوەدایە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەوەش شاری سلێمانی لە رووی رێژەی سەوزایی و پێگەی گەشتیارییەوە دەچێتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووترەوە.