گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەستپێدەكەنەوە

راوێژكارێكی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان یەكێتی و پارتی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكەنەوە.

مەحمود خۆشناو، راوێژكاری سیاسیی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان دەستپێدەكەنەوە.

خۆشناو لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمیی عێراق وتیشی، “دوو ئاراستە لە گفتوگۆكاندا هەن، یەكەمیان یەكێتیی نیشتمانی لەگەڵ لایەن و پارتە براوەكاندا وتوێژ بكات، ئاراستەی دووەمیش دانوستانی نێوان یەكێتی و پارتییە”. ئاماژەشیدا، هەردوو لایەن لەپێشتردا دوو كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

بەوتەی ئەو راوێژكارە هەفتەی داهاتوو هەردوو لایەن كۆبوونەوەی سێیەمی خۆیان ئەنجامدەدەن بۆ تاوتوێكردنی رەشنووسی بەرنامەیەكی هاوبەشی ئەو لیژنەیەی پێشتر بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە و روونیكردەوە، “كۆبوونەوەكە زۆر گرنگ دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئاراستە و رێگەی وتوێژ بەشێوەیەكی وردتر دیاریدەكات”.

گفتوگۆكان تەنها لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و سەرۆكایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان نابێت، بەڵكو بابەتی زۆر گرنگیش لەخۆدەگرێت، كە بریتییە لە فەلسەفەی حكومڕانی و بەرنامەكەی و شێوازی هاوبەشیی سیاسی لە قۆناغی داهاتوودا، خۆشناو وای وت.

باسی لەوەشكرد، تۆپەكە لە گۆڕەپانی هەردوو پارتی سەرەكیدایە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی بەشێك لە حزبەكان رێچكەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژاردووە.

دوایین كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و پارتی لە 17ی كانونی یەكەمی رابردوو لە پیرمام بەڕێوەچوو و بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، هەردوولا هاوڕابوون کە بە زووترین کات کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ ئەو بنەمایانەی کە حکومڕانیی کوردستانیان بۆ قۆناغی ئایندە لەسەر بەڕێوەدەچێت بکەن، بەشێوەیەک کە پارێزگاری لە پێگە و سەقامگییریی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان و سەرجەم پێکهاتەکانی بکات.

هاوکات، بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش درا تاوەکو کار لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی ئەو بەرنامەیە بکات بۆ کۆبوونەوەی ئایندە.

لە رۆژانی 18 و 20ی تشرینی یەكەم دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوەچوو.

لە 21ی تشرینی یەكەم ئەنجامی بەرایی و 30ی هەمان مانگ ئەنجامی كۆتایی دەنگدانەكە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ئاشكراكران.

بابەتی پێشتر

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی لوبنان و سوریا روونکردنەوەیدا

بابەتی دواتر

فەرەنسا دەیەوێت لە "داڕشتنەوەی دەستوور"دا هاوكاریی سوریا بكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هۆشدارییه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌وه‌، شتێك به‌ ناوی حه‌جی بازرگانییه‌وه‌ نییه‌،…
Total
0
Share