كۆرۆنا ناوچەكانی ئەوروپا بۆ سەوز و زەرد و سوور دەگۆڕێت

یەكێتیی ئەوروپا پێوەری نوێ تایبەت بەو كۆت و بەندانەی بەهۆی كۆرۆناوە لەسەر گەشتكردن هەیە دادەنێت و بەپێی ژمارەی توشبوونیش شوێنەكان بۆ ناوچەی سەوز و زەرد و سوور دیاریدەكرێن.

لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لە لۆكسەمبۆرگ، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا ڕەزامەندییان لەسەر ڕاسپاردەیەك نیشاندا كە پێوەرە هاوبەشەكان بۆ دیاریكردنی ئەو ناوچانەی بە زۆر مەترسیدار دادەنرێت لەنێو یەكێتییەكەدا دەستنیشان دەكات.

مەبەست لە پێوەرە نوێیەكان ئاسانكاری و ئازادیی جموجوڵە لەنێو وڵاتانی یەكێتییەكە و دووركەوتنەوەیە لە دروستكردنی پشێوی لە سایەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا.

بەپێی پێوەرە نوێیەكانیش ناوچەكان بە سوور و زەرد و سەوز دیاریدەكرێت، ئەمەش حاڵەتەكانی توشبوون لەنێو 100 هەزار كەس لە ماوەی دوو هەفتەدا دەگرێتەوە، سەرەڕای ڕێژەی ئەنجامدانی پشكنین و ئەنجامی پشكنینەكان.

بەپێی بڕیاری دەوڵەتانی ئەندام ناكرێت ئازادی هاتوچۆی ئەو كەسانەی ڕوو لە ناوچەی سەوز دەكەن سنوورداربكرێت، بەڵام پێویستە كەرەنتین و پشكنینی ناچارانە بۆ ئەو كەسانە بكرێت كە لە ناوچەكانی زەرد و سوورەوە دەردەچن.

ناوچەیەك بە سەوز ئەژماردەكرێت ئەگەر ڕێژەی توشبوون تیایدا لەماوەی 14 ڕۆژدا كەمتر بێت لە 25 و ڕێژەی پشكنینی پۆزەتیڤ كەمتر بێت لە 4%.

مایكڵ ڕۆس، وەزیری ئەڵمانیا بۆ كاروباری ئەوروپا وتی، ئەركێكی هاوبەش هەیە بۆ هەماهەنگیی ڕێوشوێنەكان بەمەبەستی پاراستنی ئازادیی هاتوچۆ.

وڵاتانی ئەندام ڕەزامەندیشیان نیشانداوە لەسەر پێشكەشكردنی زانیارییەكانی كۆرۆنا بە سەنتەری ئەوروپی بۆ بەرگری لە نەخۆشییەكان و لەناوبردنی (ECDC) كە نەخشەیەكی هەفتانەی ناوچەكانی بڵاوبوونەوەی بڵاودەكاتەوە، بەپێی زۆری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ناوچەكاندا.

 

بابەتی پێشتر

پۆمپیۆ بۆ ئێران: واز لە مامەڵە نا ئەخلاقییەكانت بهێنە

بابەتی دواتر

كازمی لەڕێی تۆتاڵی فەڕەنسی-یەوە دەیەوێت پەرە بە گازی سروشتی بدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share