لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم، هاوسەرۆكانی یەكێتی “جەختیانكردەوە لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت”.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی كانونی دووەم، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازییان لە ڕۆب واڵەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و وەفدی هاوڕێی كرد.
لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، “لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاووتوێ کرا، لەبەر ڕۆشنایی پێشهات و ڕوداوەکانی ئێستا و پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکانیش دووپات کرایەوە، بە ئامانجی سازکردنی دیالۆگی جدی و لابردنی بەربەستەکان”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هاوسەرۆکانی یەکێتیی جەختیانکردەوە لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە”.
“هاوسەرۆكانی یەكێتی جەختیانكردەوە لە جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداریکردنی لە حکومەت، هاوکات بە خاڵێکی گرنگیان لە قەڵەمدا بۆ بەهێزکردنی حکومەت و پاراستنی زیاتری قەوارەی هەرێمی کوردستان و زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم”، وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.
ئەوەش ئاشكراكراوە، “هاوسەرۆكانی یەكێتی، ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشیان دووپات کردەوە بۆ کاری هاوبەش و پێکەوەیی و پاراستنی یەکڕیزی لەنێوان هێز و لایەنەکان”.
هاوسەرۆکانی یەکێتی داوایان لە ئەمریکا كردووە، “ڕۆڵی خۆی ببینێت لە لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونی لایەنەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور بە جۆرێک کە مافەکانی هاوڵاتییانی تێدا پارێزراو بێت و چیتر ڕێگە نەدرێت قوت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان تێکەڵ بە کێشە و ململانێ سیاسییەکان بکرێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک پارێزراو بێت”.
کونسوڵی گشتیی ئەمریکاش ئامادەیی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامیی هەوڵەکان و یارمەتیدان و هاوکاریکردنی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕێککەوتنی کۆتایی لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدرا، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكدا هاتووە، ڕاشیگەیاندووە، وڵاتەکەی لەڕووی پێداویستیی پزیشکی و کەرتی تایبەتەوە هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات.