پارێزەرەكەی: ستەم لە شێروان شێروانی دەكرێت

پارێزەری شێروان شێروانی دەڵێت، ستەمی لێدەكرێت و مافەكانی پێشێل دەكرێت و دەشڵێت، بەهۆی نەبوونی بەڵگە و تۆمەتی بێ بنەماوە سێیەم دۆسیەی سەر ئەو چالاكوانە ونكراوە.

محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری چالاكوان شێروان شێروانی بە تۆڕی میدیای ئێستای راگەیاند، بەداخەوە ناهەقی بەرامبەر دەكرێت و پێشێلی مافەكانی دەكرێت و، ئەو مافانەی بە زیندانیانی دیكە دەدرێت لەو قۆرغ كراوە.

وتیشی، “ئەوە سێیەمین كەیسە كە لەسەر شێروان شێروانی دروستدەكرێت و تۆمەتباری دەكەن بە تۆمەتی بێ بنەما، بۆیە تائێستا لە بەندینخانە ماوەتەوە”.

محەمەد عەبدوڵا باسی لەوەشكرد، بەپێی دووەم كەیسی دەبوایە لە مانگی سێی ساڵی 225 ئازادبكرێت، بەڵام كەیسێكی دیكەی بۆ كراوەتەوە گوایە هەڕەشەی لە بەرپرسێكی ئەمنی كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تۆمەتەكان بێ بنەمان و بەڵگەكانیان لاوازە و نەیانتوانیووە وەكو پێویست بەڵگە ئامادەبكەن، كەیسەكەی ونكراوە.

روونیشیكردەوە، زیاتر لە 25 جار سەردانی دادگای لێكۆڵینەوەی بنەسڵاوە و بنكەی پۆلیس كردووە و هەر یەكەیان دەڵێت دۆسیەكە لای ئەوی تریانە و “تائێستا چارەنووسی ئەو دۆسیەیان بۆ روون نەكردووینەتەوە”.

پارێزەری ئەو چالاكوانە ئاماژەی بەوەشدا، شێروان شێروانی دۆخی باش نییە، مافەكانی پێشێل دەكەن و وەكو زیندانییەكانی دیكە مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، لەكاتێكدا بەپێی یاسای وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی زیندانیان سێ مانگ جارێك دەتوانن سەردانی كەسوكاریان بكەنەوە.

بابەتی پێشتر

یونیسێف: لە تورکیا حەوت ملیۆن منداڵ کاردەکەن

بابەتی دواتر

هەسەدە نوێترین ئاماری ئۆپراسیۆنەکانی دەوروبەری مەنبجی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share