وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، “پێشبینیی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بۆ هەرێم لە سەری ساڵدا دەکرێت”.
ئیبراهیم عەبدولحەمید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستمان بە ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کردووە بۆ ساڵی نوێ و پێشبینیی هاتنی زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت تاوەکو کاتەکانی سەری ساڵ لە شوێنە گەستیارییەکانی هەرێم بەسەر ببەن.
لەبارەی نرخی هۆتێل و رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکانەوە وتی، ساڵانە رووبەڕووی گرفتی قۆرخکاری لە نرخی شوێنەکان دەبینەوە، چەند لیژنەیەک پێکهێندراون کە ئەرکی سەرەکییان چاودێریکردنی نرخی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانە لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکاندا و هێڵێکی گەرم دانراوە بۆ گەشتیاران کە لە هەر شوێنێک هەستیان بە بەزریی نرخ کرد دەتوانن پەیوەندی بکەن.
وتیشی، لە ساڵانی رابردووشدا لەسەر بەرزکردنەوەی نرخ، چەندین شوێنمان رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپرسینەوە کردووەتەوە، سزای ئاگادارکردنەوە و پێبژاردن هەیە و هەر شوێنێک هەڵەکەی دووبارە بکاتەوە دادەخرێت و مۆڵەتی گەشتیارییشی لێوەردەگیرێتەوە.
ساڵانە لە سەری ساڵدا ژمارەیەک گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم دەکەن و پشووەکانی سەری ساڵ بەسەر دەبەن، هاوکات چەندین ئاهەنگ و چالاکی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم ئەنجامدەدرێن.