بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی چەند پرسێکەوە کۆببێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆدەبێتەوە.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سێ بڕگە دەکرێت:
لە بڕگەی یەکەمدا، بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانە و گرفت و چارەسەرەکان، گفتوگۆ دەکرێت.
لە بڕگەی دووەمدا، بابەتی بڕیاردان لەسەر بابەتی خانەنشینکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە مەرجی یاسایی تەمەن و ساڵانی خزمەتی خانەنشینییان هەبووە، دەخرێتەڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا، بابەتی ڕاگرتنی سوودمەندیی خاوەن داهاتە باڵاکان لە پڕۆژەی سەبەتەی خۆراکیی ناوەندی، کە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی لە خەرجییە حاکمەکان پارەی بۆ تەرخاندەکرێت و تایبەتکردنی بە خاوەن داهاتە سنووردارەکان، گفتوگۆدەکرێت.