بافڵ جەلال تاڵەبانی: بۆ چارەسەری پرسی مووچە و بەكارنەهێنانی لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسی هاوكاربن

سەرۆكی یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە و داوادەكات لە پرسی مووچەدا هاوکار و پشتیوان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازی لە محەمەد ئەلحسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆڵی نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو هێنانەدی ئامانجە باڵاکان بەرزنرخاند و رایگەیاند، یەکێتی بە بایەخەوە لە رۆڵ و پێگەی ئێوە دەڕوانێت و بەدڵنیاییەوە هاوکار و پشتیوان دەبێت لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکاندا.

دۆخی گشتیی عێراق و پێشهاتەکانی سوریا تەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوەکە بوون و هەردوولا جەختیان لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کردەوە. داواشیانکرد، هەموولایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان بکەن بەتایبەت پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە ململانێکان.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان تاوتوێکران و لەوبارەیەوە سەرۆکی یەكێتی ئاماژەی بەوەکرد، جەخت لە هەڵوێستەکانی رابردوومان دەکەینەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار و دادپەروەر، حکومەتێک دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات و هەوڵەکانی لەپێناو گەشەسەندنی کوردستان و داهاتوویەکی سەقامگیرتردا بێت.

لەبارەی پرسی مووچەشەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی داوای لە نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هاوشانی لایەنە سیاسییەکان، هاوکار و پشتیوان بێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی، پاراستنی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەکارنەهێنانی شایستە داراییەکانیان لەپێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا بەبڕی 571 ملیۆن دۆلار هاوکاری کەرتی سەربازی تایوان دەکات

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵك و مافەكانیان بووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

گۆڕان حەوت پۆستی نوێ وەردەگرێت

بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەت ناكشێتەوە و ژمارەیەك پۆستی نوێ وەردەگرێت. بەپێی زانیارییە میدیاییەكان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تا…
Total
0
Share