دوو سیناتۆری ئەمریکی لەسەر پرسی کۆبانێ و هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر شارەکە، داوای سزادانی ئەو وڵاتە دەکەن و پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکردووە.
دوێنێ هەینی، لیندسی گراهم سیناتۆری کۆمارییەکان و نوێنەری کارۆلینای باکوور لە ئەنجومەنی سینات، لەگەڵ کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیموکراتەکان و نوێنەری ماریلاند لە ئەنجومەنەکە راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ یاسای بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی تورکیامان لە ساڵی 2024دا ناساند لەکاتێکدا جەختمان لەوەکردەوە کە پێویستە ئەمریکا لەگەڵ تورکیادا کاربکات، لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بۆ ئاسانکاری ئاگربەستێکی بەردەوام و ناوچەیەکی لە چەک داماڵراو بەدرێژایی سنووری نێوان تورکیا و سوریا، بەتایبەتی شاری کۆبانی.
باس لەوەشکراوە، ئەم سزایانە دەتوانن رێگری لە هێرشی زیاتری تورکیا یان ئەوانەی سەر بە تورکیان بکەن بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش زیاتر دەکات و هەڕەشە لەسەر ئاسیاسی نیشتمانیی ئەمریکا و هەموو جیهان دەکات.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێمە بە هیوای ئەوەین کە چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئەو کێشانە هەبێت کە سوریا پیایدا تێپەڕدەبێت.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەرەتای ئەم هەفتەیە گراهام و ڤان هۆلن قسەیان لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی کرد و نیازی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ هێنانەکایەی سزای دوولایەنە ئەگەر تورکیا رەتیبکاتەوە ئاگربەست درێژبکاتەوە.