بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی (جەژنا رۆژیێن ئێزی) لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرم لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا بەخۆشی بەڕێبکەن.
سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، خوشک و برایانى ئێزدى لە چەند ساڵى رابردوو بەدۆخێکى سەختدا تێپەڕین، وە ئێمە بەردەوام لەگەڵیاندابووین، بۆ گەیشتن بە مافەکانى خۆیان، بۆیە لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە، لەپابەندیمان بە پاراستنی ماف و کەلتووری رەسەنی ئاینی ئێزدییەکان و هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کوردستان.
دووپاتیشی دەکاتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیرى و جێبەجێکردنى داواکارى خوشک و برایانى ئێزدى، هیوادارین هەموولایەنەکانیش بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخی شەنگالدا مامەڵەبکەن و کاربکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکەو گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
دەشڵێت، “یەکێتی وەک هەمیشە لەگەڵتان دەبێت بۆ هێنانەدی خواستەکانتان و سارێژبوونی ئەو نەهامەتیانەی بەسەرتاندا هات، هەر لەخۆشیدابن.”